[لەبارەی دواهەمین پڕۆژەی هونەریی ساکار سلێمانەوە، پڕۆژەی جوینەوە ]

لەبارەی دواهەمین پڕۆژەی هونەریی ساکار سلێمانەوە، پڕۆژەی جوینەوە

 

پشتیوان کەمال

 

ساکار  سلێمان دواهەمین پڕۆژەی هونەری خۆی لە ژێر ناوی پڕۆژەی جوین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە. وەک خۆی لە باسی پڕۆژەکەدا دەڵێت، “لە پلانمدا بوو ئەم پڕۆژەیە لە نێوان مانگەکانی شوبات بۆ نیسانی ئەمساڵ لە هۆڵێکدا نمایش بکەم بەڵام بەهۆی بارودۆخ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نمایشەکەم ڕاگرت.” لە دیمانەیەکی تایبەتیشدا بۆ ماڵپەڕی سولی ئۆن ساکار زیاتر دوا، “پڕۆژە هونەریەکەی من زیاتر  لەسەر ئەوەیە کە چۆن کاری هونەری بتوانێت کاریگەری دروست بکات، نەک تەنها چالاکییەکی هونەريی بێت و ببيَتة رِؤتين، بۆ من کاری هونەریی لە ئێستادا تاڕادەیەک وەک جوینەوەی لێهاتووە.

 

هەرچەندە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگربوو لەوەی ساکار بتوانێت پڕۆژە هونەرییەکەی لە گەلەرییەکدا نمایش بکات و ئەو خواستەی هەیبوو بۆ دروستکردنی کاریگەری لە ڕێگەی نمایشەوە بەدەستی بهێنێت، بەڵام بۆ هونەرمەند ئەم ساتانەی ڕابردوو کۆمەڵێک ساتی گرنگیش بوون بۆ بیرۆکە و کارکردن لە کاری هونەریی نوێی هونەرمەنددا.

 

دەکرا هونەرمەند و گەلەرییەکان لە ساتی وەهادا بیریان لەوە بکردایەتەوە کە پڕۆژە هونەرییەکان لە ڕێگەی ئۆنڵاین و پڵاتفۆڕمی تایبەتەوە نمایش بکەین تا بتوانن زۆرترین بینەر لە دەوری کارە هونەرییەکانیان کۆبکەنەوە. ساکار سەبارەت بەم پرسە دەڵێت، “نمایشکردنی کاری هونەری بةئؤنلاَين لە ساتی وەهادا بیرۆکەیەکی باشە بەتایبەتی لةطةلةريدا وەکو موجازەفەیەک بیبینین بۆ تەندروستی بینەر و خۆشت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نمایش لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە شارەزایی و کڕینی پڕۆگرامی تایبەتی دەوێت و لە ئێستادا کەم کەس شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە. بەدڵنیاییەوە کاریگەری نمایشی کارێکی هونەری لە ناو گەلەرییەکدا زۆر زیاترە لە چاو نمایشی کارێک بە شێوەی ئۆنڵاین. بینەر لە کاتی بینینی کارە هونەرییەکاندا بەر پرسیار دەکەوێت و بیرۆکەی نوێی لا دروست دەبێت و هونەرمەندیش وەڵامی بینەر وەردەگرێتەوە.”

 

ساکار بیرۆکەی ئەم پڕۆژە هونەرییەی لە پاش گەڕانەوەی لە بیناڵەی ئیتاڵیا بۆ دێت، پاش ئەوەی دەبینێت هونەر چ کاریگەرییەکی جدی هەیە لەسەر تاک لەو وڵاتەدا، “چۆن هونەر دەبێتە هۆی پێشکەوتنی لایەنی ئابووری وڵاتێک، چۆن لە ڕێگەی هونەرەوە کلتووری جیاواز کۆدەکەیتەوە، چۆن چێژ لە کارێکی هونەری دەبینیت، بەڵام هونەر لەلای خۆمان لەگەڵ هەبوونی شارستانێتییەکی گەورە لە مێژووی ئەم ناوچەیەشدا ئێستا بەرەو سستبوون دەڕوات، ئەم جۆرە بەرکەوتن و بیرکردنەوانەم هۆکاری دروستبوونی ئەم پڕۆژە هونەرییەم بوون، پڕۆژەی جوینەوە.”

ساکار باس لەوە دەکات کە ئێستا کاری هونەریی وەک ئەوەیە کە کارەکە تەنها بۆ هونەرمەندانی تر ئەنجام بدەیت و پڕۆژە هونەرییەکان هەر لە ناو هونەرمەندان خۆیاندایە و ناچێتە ناو کۆمەڵگەوە. “لە نێوان کۆمەڵگە و هونەر ساردبوونەوە دەبینم و هۆکارەکانیش زۆرن. پێشتر هونەرمەند و هونەر لەلایەن کۆمەڵگە و بینەرەوە بەخێرهاتنی گەرمی لێدەکرا بەڵام لە ئێستادا ئەگەر هونەر نەشکرێت پرسیاری نەبوونی دروست نابێت. هۆکارە سەرەکییەکەی پێموایە ئەوەبێت کە لە نێوان هونەر و ناهونەردا تێکەڵاوییەک دروست بووبێت و کاری ناهونەریی لە بارودۆخەکەدا زاڵە، دەکرێت هەر ئەمەش بێت کە ئەم بارودۆخەی خولقاندبێت.”

 

بەنیسبەت منەوە  كارى هونەرى زۆر گرنگە پێش هەموو شتێک كاریگەرى لەسەر خودى هونەرمەند خۆی دروست بکات، گەر وانەبێت کارە هونەرییەکە بە زیندوو نابینم، دواتریش پڕۆژەی هونەریی دەکرێت ببێتە مایەى دروستكردنى پرسیارو گفتوگۆی نێوان هونەرمەند و بینەر و گەیشتن بە بیرۆكەى نوێ لە وەڵامى پرسیارەکاندا، ئەمە لەكاتێكدایە ئەم پڕۆژەیەی ئێستام هیچى لەمانەى سەرەوەی دروستنەكردوە جگە لەو كاریگەرییە نەبێت کە لەسەر خۆم دایناوە. ئاشكرایە ئێستا کە بۆچی پڕۆژە هونەرییەکەم ناوناوە جوینەوە، واى بۆئەچم تەواو ئەو خاڵەشم پێكابێت کە ویستوومە هونەر وەک پڕۆسەیەکی جوینەوە پیشان بدەم.

 

خۆشحاڵانە تا ئێستا پێشكەوتنى كەسیی و لایەنی هونەریی وایکردووە کە دەرگا بەڕووی ڤێستیڤاڵە جیهانییەكاندا بۆ هونەرمەندان بکرێتەوە، پەیوەندى لەگەڵ كیورەیتەرى بیانى و هونەرمەندى بیانى دروست ببێت و  لەو ڕێگەیەوە نمایشی لێ بەرهەم بێت، بەڵام ئەمە زیاتر بازنەیەكى کەسیی پێوە دیارە نەوەك سیستەمێك هەبێت تاوەکو ئەمە دروست بکات. لەكوردستان هەنگاونانى کەسیی هەیە بەڵام بە شێوەیەکی گشتى هەنگاوەکان لەئاستێكى دیارى كراودان و لەهەمانكاتدا كرانەوەشى دیاریكراوە. بۆیە بە بڕواى من لەكوردستان پێویستمان بە جموجۆڵ هەیە، یەكەم شت لە دروستبوونی ئەم جموجۆڵەدا بارى ئابورى هونەرمەند گۆڕانی بەسەردا دێت، پاشانیش بارى ڕۆشنبیرى لە قەیران دەردەچێت و هەوڵى پێشكەوتن دێتەكایەوە و بەردەوام لەتازەگەریدا دەبێت.

 

Related Posts

Leave a comment