[گفتوگۆ لەگەڵ عەباسی كیاڕۆستەمیدا]

وەرگێڕانی: ئەیوب عوسمان

ئەكرەم زەعتەری، دەرهێنەر و وێنەگری لوبنانی نزیكەی چارەكە سەدەیەك پێش ئێستا، بە بیانووى فیلمى ” بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” گفتوگۆیەكی لەگەڵ كیاڕۆستەمیدا ئەنجامداوە، دەربارەى شێوەى فیلم، كاراكتەرسازیی، تێڕوانینى كیاڕۆستەمى دەربارەی سونەتی و مۆدێرنە.

بە دیالۆگى مینیماڵ و سوود وەرگرتن لە نا-كاراكتەر و بە بێ سیناریۆی پێشوەخت نووسراو، كیاڕۆستەمی جیهانێكى پاكیزە دروست دەكات كە ئەكتەرە سادەكانى، ژیانێكى پێچەڵپێچیان هەیە. لە كاتێكدا كیارۆستەمی فیلمى بەڵَگەنامەیی و چیرۆك تێكەڵكێشدەكات، بەڵام دانبەوەدا دەنێت كە دەستەوەستان بووە لە پیشاندانى حەقیقەت لە ڕێگەی سینەماوە. ئەم گەڕانەى بۆ حەقیقەت ئەوى لە فیلمێكەوە بۆ فیلمێكى تر بردووە، ئەو لە تاران لەدایك بووە و لە تاران ژیاوە، لە سەرەتاى حەفتاكاندا كاتێك ئاشناى ناوەندى فیلمسازیی و پەروەردەى منداڵان و تازەپێگەیشتووان دەبێت، دەستى بەكارى دەرهێنان كردووە، بەشێوەیەكى گشتیی  كارەكانى ئەو تایبەتمەندى ناوچەیەك پیشاندەدات، فیلمى “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” دەرئەنجامى هۆگریی  ئەوە بە گوندی كۆكەرەوە. گوندێک كە هەردوو فیلمى ” ماڵى هاوڕێ لەكوێیە؟” و “ژیان و هیچی تر”ی تیادا دروستکردووە. مەتەڵێكى ئاڵۆز كە یەك لە دوای یەك بۆمان ڕووندەبێتەوە، هەر فیلمێك پیشانماندەدات چ شتێك لە فیلمى پێشوودا ساختە بووە، بەڵام درۆیەكى نوێ دەهۆنێتەوە. لە فیلمى “ژیان و هیچی تر”دا پیشانماندەدات ئەكتەرانى دەرەوەى فەزای فیلم سەرقاڵى ژیانى ئاسایی خۆیانن. “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” لە بارەى ئەوەوەیە كە ” ژیان و هیچی تر” چۆن دروستكراوە. لەم فیلمەدا، كیاڕۆستەمی بەشێك لە فیلمى ژیان وئیتر هیچ پیشاندەدات، كە حسێن و تاهیرە ڕۆڵی هاوسەر دەگێڕن، لە پێش كامێرادا پێكەوە قسەدەكەن، دوای تەواوبوونى كاری وێنەگرتنى ئەم بەشە، حسێن دەگەڕێتەوە سەر كارە سەرەكییەكەى خۆی كە یاریدەدەرى بەرهەم هێنانە، چا بۆ ستافەكە لێدەنێت، لە دیمەنێكدا حسێن سینییەك چاى بەدەستەوەیە، بە پلیكانەكەدا سەردەكەوێت و لە تەنیشت كۆتا پەرداخ چادا گوڵێك بۆ تاهیرە دادەنێت. تاهیرەش بە بێدەنگ بوون ناڕەزایەتى خۆى پێشاندەدات، بەو شێوەیەی بەردەوام لەسینەماى كیارۆستەمیدا دەیبینین، ئەم جارەش ڕووداوی سەرەكیی دوای كوژاندنەوەى كامێراكان ڕوودەدات، یان هەر ڕوونادات.

ئەكرەم زەعتری: دەمەوێـت بۆ چوونت لە بارەى واتاى درۆ و واتاى سینەماوە بزانم، با لە فیلمى “كڵۆسئەپ”ەوە دەست پێ بكەین كە پیاوێك بەهۆی حەزی زۆری بۆسینەما، درۆیەك دەهۆنێتەوە تا لە ڕێگەیەوە فیلمێك  دروست بكات. یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانى ئەم فیلمە بۆ من تێكهەڵكێشكردنى فیلم و ژیانە، بەپێچەوانەوە فیلمى “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” وەك فیلمێكى تەواو پیشاندەدرێت. چ شتێك لە فیلمى  دووەمدا جیاوازە؟

عەباس كیارۆستەمى: ژیانى ئێمە هەموو ڕۆژێك بە درۆیەك دەست پێدەكات. كاتێك فیلمێك دروستدەكەیت، ڕەگەزی جیاواز لە جێگاى جیاوازەوە دەهێنیت، هەموو ئەمانە دەدەیتە پاڵ یەكتر. تۆ كەسێك بە مێرد، یان كوڕ بانگ دەكەیت. كوڕەكەم لە بارەى ئەم میتۆدەوە ڕەخنەى لێگرتم، چونكە لە فیلمى دووەمدا “ژیان و هیچی تر” واى پێشان دەدەم کە ئەو دوو كەسە هاوسەرگیرییان كردووە و بینەریش ئاڕاستە دەكەم بۆ ئەوەى باوەڕ بەو بابەتە بكات. بەڵام لە فیلمى “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات كە ئەو دوو كەسە لە واقیعدا هاوسەرگیریان نەكردووە، ئەمە تەنیا چیرۆكى وابەستەیی كوڕێكە بۆ كچێك. لە فیلمەكەى تردا مەبەستمە دیوێكى نوێی واقیع پیشان بدەم، بڵێم لە ڕاستیدا كوڕەكە هێندەش وابەستەى كچەكە نییە. ڕەخنەى كوڕەكەشم ئەوەیە كە من بەردەوام درۆ لەگەڵ بینەردا دەكەم و چیرۆكى فیلمەكان دەگۆڕم. لە فیلمی دواتردا كچەكە عاشقى كوڕەكە بووە. لە كۆتاییدا كوڕەكەم گەیشت بەو دەرئەنجامەى ئەگەر ئێمە لە گۆشە نیگاى جیاوازەوە لە درۆ بڕوانین دەتوانین بگەین بە ڕاستی. لە سینەمادا هەرشتێك ئەگەرى ڕوودانى هەبێت دەكرێت ببێت بە ڕاستیی، مەرج نییە هاوتاى واقیع بێت. پێویستیش ناكات بەدڵنیایییەوە ڕووبدات. لە سینەمادا، بە هۆنینەوەى درۆى جیاواز، ڕەنگە بگەین بە بونیادى هەقیقەت، بەڵام دەبێت بە ئاڕاستەى هەقیقەت هەنگاو بنێین، هیچ كاتێك ناتوانین لە هەقیقەت نزیكببینەوە لە ڕێگەى درۆوە نەبێت.

ئەكرەم زەعتەرى: ئێستا كار لە بەشی چوارەمى  كۆمەڵەیەكدا دەكەیت کە وا بڕیار بوو سێینەیەك بێت. ئەم ئایدیایەى كە فیلمێك  ببەستیتەوە بە فیلمێكى ترەوە دەتوانێت تاكوێ بەردەوام بێت؟ ئایا ئەمە بیرۆكەى ئێوەیە بۆ دروستكردنى فیلمى دواتر؟

كیارۆستەمی: تا ئەو كاتەى ئەم كۆمەڵە نوێ و پڕ وزە بێت، من بەردەوام دەبم لە كارى فیلم، مەگەر ئەو كاتەى ماندوو بم، ئێستا كۆمەڵێك سیناریۆی ئامادەكراوم هەیە و لەكاتى خۆیدا  ئەوانیش تەواو دەكەم، كاتێك فیلمێكم كۆتایی دێت، پەیوەندییەكى نەپچڕاوم پێوەى دەمێنێت.  هەر لەبەر ئەمەشە دەبێت بگەڕێمەوە و فیلمێكى تر لەبارەى هەمان چیرۆكەوە دروستبكەم، بۆ ئەوەى بتوانم ئەو پەیوەندییە بپچڕم. دوای  بەرهەم هێنانى یەكەم فیلمى ئەم سێینەیە واتە ” ماڵى هاوڕێ لە كوێیە؟” ئەم دڵنیایی و نزیكایەتییەى ئێستا بۆ ئەو ناوچەیە هەمە  ئەوكاتە نەمبوو، ئەو كاتە لە گەڵ ژینگەیەكى نوێ، كاراكتەری نوێ و بابەتى زۆر نوێدا ئاشنا بووین، بەڵام ئەم بڕە زۆرەم لە وزە نەبوو، ئێستا هەستدەكەم زیاتر ڕۆچوومەتە نێو قوڵایی ئەكتەرەكانەوە.

زەعتەرى: چۆن پەیوەندیت لەگەڵ چیرۆكى “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا”دا دروستكرد؟

كیارۆستەمى: دیمەنێكى چوار خولەكى لە “ژیان و هیچی تر”،پیشانى دەدا کە ئەكتەرى سەرەكیی واتە حسێن، پەیوەندى لەگەڵ تاهیرەدا هەیە. بەلامەوە سەرنج ڕاكێش بوو تاهیرە هیچ كاردانەوەیەكى  بۆ حسێن نەبوو. ئەوەى سەیر بوو وام بیردەكردەوە لە ژیانى ناو گونددا، یەكسانییەكى زیاتر بوونى هەیە. لە گونددا ئەوەى پەسەندى شارنشینە بایەخى پێنادرێت. تاهیرە وەڵامى دایەوە: “تۆ بۆ من گونجاو نیت” جوان بوو بەلامەوە لە گونددا بیركردنەوەى لەم شێوەیە هەبوو.

زەعتەری: دوای ئەوە چیرۆكى فیلمەكە چۆن بەرەو پێشەوە چوو و شێوەى خۆی گرت؟  لە جێگایەك خوێندمەوە، تۆ بەشێوەى سیناریۆیەكى پازدە پەڕەیی دەستت پێكردووە. چ شتێك لەكاتى نوسینەوە تا كۆتا قۆناغى وێنەگرتن گۆڕانى بەسەردا هات؟

كیارۆستەمى: من دەمویست دەست بەرداری  بونیادى فیلمێك لەنێو فیلمێكى تردا ببم، بەڵام جێگرەوەی ئەوەم دەست نەدەكەوت. بۆیە هەمان شێوەى پازدە پەڕەییم پەیڕەو كرد، ئەمەش بووە پایە و بنەڕەتى فیلمەكە، من ئەو پازدە پەڕەیەم بۆ هاندانى ستاف  و ئەكتەرانى  فیلمەكە نووسى، بۆ ئەوەى بەرچاو ڕوونیان هەبێت ئیش لەسەر چیدەكەن. بەڵام بۆ من پێنج پەڕە بەسە. پێنج پەڕە دەتوانێت پێوەرى پایە و بونیادێكى گونجاوبێت. ئەگەر هەر لەسەرەتاوە شتێكى ڕێك و ڕەوان بنووسی دواتر پێوەى پابەند دەبیت، هەستى ئەو پابەندییە بە دەقەوە ئازادیت سنوردار دەكات، ناتوانیت بیرۆکەی نوێ بەرهەم بهێنێت. من حەزم لە پاراستنى ئازادییەكى  لەو شێوەیە هەیە لەكاتى وێنەگرتن. كاتێك سیناریۆ دەنووسیت و دواتر بیردەكەیتەوە دەبێت وشە بە وشەى ئەو سیناریۆیە بكەیت بە وێنە، ئیتر چ پاڵنەرێك بۆ بونیادنانى ئەو فیلمە دەمێنێتەوە؟

زەعتەری: پێشتر وتبووت خۆم دیالۆگى فیلمى “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا”م نووسیوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەكتەر و نا-ئەكتەرانى نێو فیلمەكە خۆیان دیالۆگەكانین وتووە، دەتەوێت ڕونكردنەوە لەم بارەیەوە بدەیت؟

كیاڕۆستەمی: من بابەتى سەرەكیی فیلمەكە شەوێك پێشتر بەوان دەدەم، دواتر گفتوگۆیان لە گەڵ دەكەم تاوەكو مێشكیان بەتاڵ بكەمەوە لە هەموو ئەوەى پێشتر لەبارەى فیلمەكەوە زانیویانە، ئەم میتۆدە هاوكاریان دەبێت تاوەكو ئامادەییەكی باشتریان هەبێت لەکاتی وێنەگرتن، ڕۆژی دواتر، واتا كاتى پرۆڤەى پێش وێنەگرتن، لە گۆشە نیگایەكى تەواو جیاوازەوە ئیشیان لەگەڵدا دەكەم، ڕێك خولەكێك پێش وێنەگرتن، تۆزێك سەریان لێ دەشێوێنم، دەڵێم: “ئەوەى تاوەكو ئێستا لە بارەى فیلمەكەوە گوفتوگۆمان لەسەر كردووە لە بیرى بكەن، وەرن بگەڕێینەوە سەر باسى شەوى ڕابردوومان.”  سودى گەورەى ئەم میتۆدە ئەوەیە ئەكتەر ناتوانێت  سوود لەو ڕستانە وەربگرێت كە پێشتر لە بەرى كردوون، ئەوان ناوەڕۆكى بابەتەكە دەزانن، بەڵام دەبێت شێوەى نوێ بدۆزنەوە بۆ دەربڕینى ڕستەكان، لەكاتى ئەنجام دانیدا ڕێك هێندەى تۆ توشى دڵەڕاوكێ  دەبن. بۆیە لەكاتى وێنەگرتن من تەنیا سوبێكتى سەرەكییان پێدەدەم. وەكو كۆمپیوتەر وایە تۆ دەتەوێت پێشوەخت تەواو بەتاڵ بوبیتەوە، تاوەكو بەرنامەیەكى نوێی بۆ دابنێیت و بەخێرایی ئەو فیدباگەى دەتەوێت وەری بگریتەوە.

زەعتەرى: حسێن ئەكتەری سەرەكیی “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” و حسێن سەبزیانى ئەكتەرى سەرەكى “كلۆسئەپ” دوو كەسی شكستخواردوون، حسێن داواى هاوسەرگیرى لە تاهیرە دەكات، بەڵام تاهیرە ڕەتى دەكاتەوە، چونكە حسێن خانووى نییە. حسێن سەبزیانیش ژنەكەى و ئیشەكەى لە دەستداوە. بۆیە ئەو دووانە لە ڕێگەى واقیعێكى ساختەوە دەتوانن ئارەزوەكانییان بەدی بهێنن. حسێن لە فیلمێكدا ڕۆڵى هاوسەرى تاهیرە دەبینێت. سەبزیانیش درۆیەك دەهۆنێتەوە و بۆ ماوەیەك بەو شێوەیەى خۆى دەیەوێت واتا وەك دەرهێنەرى سینەمایی دەژی. زۆربەى ئەكتەرە پیاوەكانى بەرهەمەكانت كەسانى سادەن، تەنیا ئەوانە نەبێت ڕۆڵى دەرهێنەر دەبینن. ئەم كەسایەتیانە لەوانى تر جیاوازترن وەكو ئەوەى بیانەوێت كێشەى هەمووان چارەسەر بكەن. حەزدەكەم بزانم دەرهێنەر چ ڕۆڵێكى هەیە لە كۆمەڵگەدا؟

كیارۆستەمى: دەتوانم تێبگەم كە بۆچى ئەو هێزەى بە كەسایەتى دەرهێنەرم داوە  دەبێتە هۆى لێكتێنەگشتن. لە هەردوو فیلمەكەدا كەسایەتى دەرهێنەر كەسایەتییەكى باكگراوندییە. كەسایەتییە سەرەكییەكان لە نێو ئەو باكگراوندەوە شێوەدەگرن. ئەم باكگراوندە لە ڕاستیدا ئامرازێكە، من سوود لە دەرهێنەر دەبینم بۆ ئەوەى تەواوى كەسایەتییەكان بهێنمە بەردەم کامێرا. كەسایەتى دەرهێنەر دەبێت تاڕادەیەك هێزى خۆى پیشان نەدات، تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵى ژینگەكە بكات. زۆر ئاساییە كەسایەتى دەرهێنەر بەهێز پیشانبدەین.

زەعتەری: لە “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” سێ ئەكتەری بەهێزى ژن بوونیان هەیە: تاهیرە، كە داواى هاوسەرگیریی حسێن ڕەتدەكاتەوە، داپیرەیەكى ئینكار، خاتو شیڤاى یاریدەدەرى دەرهێنەر، بەڵام ئەم ئەكتەرە ژنانە وەكو ژنانى نێو بەرهەمەكانى دیكە ناڕوون دەمێننەوە. ئەمە بە مەبەستە؟

كیاڕۆستەمى: بەشێوەیەكى گشتیی لە فیلمى ئێرانیدا ژن بە دوو شێوە پیشاندەدرێت. وەكو دایك، یان مەعشوق. من حەزم لە پیشاندانى لەم جۆرە نییە. ئەم جۆرە ڕەهەند و مانایى قوڵى ئینسانی نییە. زۆرێك لە فیلمە ڕۆژئاواییەكانیش هەمان كێشەیان هەیە. ژن تەنیا لەبەر جوانى و پڕفرۆشكردنى بەرهەمەكان بەكاردەهێنرێن. هەڵبەت دوو جۆری تر لە ژن لە فیلمى ئێَرانیدا هەیە، یەكەم وەكو پاڵەوان، من ناتوانم هیچ پەیوەندیەك لەگەڵ ئەم جۆرەدا دروستبكەم چونكە لە ڕادەبەدەر زیرەك و وریایە. ئەوى تریشیان وەكو قوربانیی، ناتوانم لەگەڵ ئەمەشیان پەیوەندى دروست بكەم. بەدەر لەم چوار جۆرە، جۆری تر نییە، هەڵبەت حاڵەتى دەگمەن لە كەسایەتى ژن بوونى هەیە. بەڵام من فیلم لە بارەى شتە دەگمەنەكانەوە بەرهەم ناهێنم، من حەز دەكەم تیشك بخەمە سەر ژنانى ئاسایی، بەڵام نەمتوانى زۆر لەم جۆرە بدۆزمەوە، من دەمەوێت لە فیلمەكانمدا جۆرێك لەژن بوونى هەبێت كە ژنبوونیان نەبێت بە كێشە، بەڵام ناتوانم پەیدایان بكەم. ئەكتەرێكى ئیتاڵی هەیە ناوى لاندۆ بوزانكویە، كە فیلمەكانى لە ئێراندا لایەنگری زۆرە. كەسایەتییەكانى ئەو زۆر پیاوانە و سادەن. لە فیلمە ئێرانیەکاندا ژن زیاد لە پێویست غەمناك، بەئاگا لە ژن بوونی خۆی، تا ڕادەیەكى زۆریش خۆ نمایشكردنى تێدایە.

زەعتەری: كەسایەتی پیاو لە فیلمەكانتدا تەواو پێچەوانەى ژنە.

كیارۆستەمى: ئەوان مرۆڤى ئاسایین، ڕەگەز گرنگ نییە.

زەعتەرى: ئەزمونى كەسیی خۆت چ كاریگەرییەكى لە سەر فیلمەكانت دەبێت واتا ئەو ڕووداوانەى لە خێزان یان لە كۆمەڵگەدا ڕوودەدات. چ خاڵێك لە فیلمەكانتدا هەیە  هەستدەكەى ڕۆژئاواییەكان لێی تێ ناگەن؟

كیاڕۆستەمى: بەشێوەیەكى گشتیی من بەدواى ئەزموونە سادەكاندا دەڕۆم، لە بەر ئەمەشە هەر بینەرێك دەتوانێت پەیوەندیى لە گەڵ فیلمەكاندا دروستبكات. ببورە دەكرێت نموونەیەك بهێنیتەوە؟

زەعتەرى: بۆ نموونەوە جۆرێك لە گاڵتەكردن كە ڕەنگە بینەر لێی تێ نەگات.

كیاڕۆستەمی: هەر بینەرە و بینینێكى جیاوازی هەیە، هەڵەیە گەر لەسەر بنەماى جوگرافیی دابەشیان بكەین. یەكێك لەو خاڵانەى هەرگیز دەستتێوەردانى تیادا ناكەم، پەیوەندى بینەرە بەفیلمى منەوە. فیلم و شێوەى بەركەوتنى ئەوان بۆى، بەگشتیی پەیوەندى بە ئەندێشەى ئەوانەوە هەیە، خۆ ئەمە ئەندازەى پێڵاو نییە تا  وەكو من بیپێوم.

زەعتەری: وەك ئاشكراییە تۆ كارى زۆرت تایبەت بەكۆمەڵگەى ئێرانى ئەنجامداوە، ئایە دەتوانیت فیلم لە بارەى كۆمەڵگەى تر “كەتیایدا نەژیابیت” بەرهەمبێنیت؟ ئایا دەتوانیت چیرۆكى بەهێز وەك ئەوانەى ترت دروست بكەیت؟

كیارۆستەمى: چ شتێك لە “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا” و “كڵۆسئەپ”دا هەیە وا بكات بڵێن بە تەواویى چیرۆكێكى ئێرانییە؟ هیچ شتێك لە پەویوەندى نێوان حسێن و تاهیرەدا نییە وا بكات بڵێت بەس تایبەتە بەئێران، ئەمە بۆ سەبزیان و پەیوەندى بەو خێزانەوە ڕاستە. هێندەش ئێرانى نییە. من فیلم لە بارەى مرۆڤ و تۆتالیتاربونى جیهانى مرۆڤ بەرهەم دەهێنم. هەر لەبەر ئەمەشە خۆم تایبەت ناكەم بە ناوچەیەكى دیارى كراوەوە. ڕەنگە  ڕەنگى پێستمان جیاوازبێت، بەڵام هەمووان بەیەك جۆر ددانمان دێشێت.

زەعتەرى: هەستدەكەم ئەوەى وا دەكات بوترێت فیلمەكانت تایبەتمەندیی ناوچەیەكى دیاریكراو پێشاندەدات ململانێى نێوان كۆنەپارێز و مۆدێرنە و كۆمەڵگەى لادێ نشین  و شار نشینە. بینەر  بە ئاگایە لە  گۆڕانە گەورەكەى سەر ڕێگاكە، گوێى لە دەنگى ئۆتۆمبێلە، بەڵام هەرگیز نایان بێنێت.

كیاڕۆستەمى: من بە پێشاندانى ئەم ململانێیانە، تەنیا پرسیار دەوروژێنم. هیچ كاتێك خۆم لەو جێگایەدا نابینم ڕێگا چارە بۆ كێشەكان  بدۆزمەوە. لە دیمەنێكى “بە نێو درەختە زەیتوونەکاندا”دا كۆمەڵە كچێكى ڕەشپۆش دەبینین، و دواتر كۆمەڵە كچۆڵەیەكى جل ڕەنگا و ڕەنگ، كاتێك وێنەى دیمەنى جل ڕەنگا و ڕەنگەكانم دەگرت دەمویست ئازادیییەكى زیاتر بەدیمەنەكە ببەخشم بۆ ئەوەى هەستى هەبوونى فەزایەكى ئازاد دروست بكەم. ئەم پێشاندان و گەیاندنى تێڕوانینى منە لەڕێگەى وێنەوە. هەر گۆڕانێك دژ بە ئازادیی مرۆڤبێت بۆ من غەمهێنەرە. كاتێك درەختەكان دەبڕنەوە بۆ ئەوەى لە جێگەیان باڵەخانە دروست بكەن غەمباردەبم.

زەعتەرى: بەڵام ئەم حاڵەتە كاتێكى زۆرى خایاند.

كیاڕۆستەمى: بەڵێ، هەر لەبەر ئەمەشە دەڵێم چاوەڕوانى ڕێگە چارە یان داوەری كردن لەمن مەكە، بۆنموونە لە بارەى مردنى داپیرەم هەمان باوەڕم هەیە، زۆر غەمناك دەبم، بەڵام ناتوانم هیچ بكەم، من تواناى ئەوەم نییە بڵێم: نا من ئەمەوێت ئەو تا ئەبەد بهێڵمە. بەڵام ئەگەر ڕۆژێك لەدەستى بدەم ناتوانم غەمبار نەبم.

زەعتەر: كوكر، ئەو لادێیەى تۆ فیلمت تیایدا بەرهەم هێناوە، دواى بومەلەرزەكە چۆڵكرا، ئەمە بۆ من كێشەیەكى زۆر گەورەیە چونكە تۆ لە دواى بومەلەرزەكە وێنەیەكى زۆر ڕازاوەی پیشاندەدەیت. ناوى ئەو فیلمەت ناوە “ژیان و هیچی تر” واى پێشاندەدەى كە هەموو كێشەكان چارەسەر كراون، لە كاتێكدا هیچ وانییە.

كیاڕۆستەمى: ڕاستە وێنەیەكى ڕازەوەى پێشاندەدەم، خودى ژیان بەردەوامە و لە جوڵەدایە، ژیان لە مەرگ بەهێز ترە، چونكە ژیان هێشتا بەردەوامە. كاتێك وێَنەى ئەو فیلمەمان دەگرت، كەسێك لێی پرسیم: خەڵكى ئەم ناوچەیە كەى ژیانیان ئاسایی دەبێتەوە؟ گوتم: دواى سێ ڕۆژ، چونكە داوى سێ ڕۆژ بینیم خەریكى فەرش شۆردنن. بەڵام كە زیارتر لە گەڵیان قسەم كرد، زانیم هەڵەم، زانیم هەر كەسە و چیرۆكی خۆى هەیە تایبەت بە بومەلەرزەكە، پیاوێك لە ژێر پارچە ئاسنێكى گەورەدا گیرى خواردبوو، هاتنە دەرەوەى لە ژێر ئەوپارچە ئاسنە بەدستپێكى ژیان دەزانى.

زەعتەرى: لە دەستپێكى گفتوگۆكەدا ئاماژەت بەوەدا شێوەى فیلمەكانت بەردەوام لە گۆڕاندایە. لە هەڵبژاردنى ئەكتەرەوە تا پیاچوونەوەى كۆتایی، فیلمەكە دەبێت بە بەرهەمێكى نوێتر. دەتوانیت پێََمان بڵێبت ئەم سەبكە چ تایبەت مەندییەك بەفیلمەكە دەبەخشێت؟ ئایا دەكرێت بڵێین دەبێتە هۆى ئەوەى فیلمەكە لێكدانەوەى جیاواز هەڵبگرێت.

كیاڕۆستەمی: لە بارەى لێكدانەى خەڵكى بۆ فیلم هیچ نازانم، بەڵام دەزانم ئەوە  بۆ من زۆر بەسودە، یارمەتى گۆڕانكاری دەدات، لە فیلمەكەدا حسێن هەڵەیەك بۆ دەرهێنەرەكە ڕاست دەكاتەوە؛ نابێت كچەكە پێی بڵێت كاك حسێن. تەنیا حسێن بەسە. كاتێك سیناریۆى پێشوەختت نییە، باوەڕت بە ئازادیی لە كارەكەتدا هەیە و دیمەنى لەم جۆرە دەخوڵقێنیت. كاتێك لە شارێكى وەكو تارانەوە بۆ لادێیەكى دورەدەست دەڕۆێت، هەڵەیە بتەوێت كار بە پێش گریمانەى چەق بەستوو بكەیت.

زەعتەری: بە بۆچوونى من دەنگ لە كارەكانتدا زۆر باشە، چونكە تەنیا سود لە دەنگى سروشت وەردەگریت، زۆر بەكەمى پەنا بۆ موزیك دەبەى بۆدروستكردنى كاریگەریی.

كیاڕۆستەمى: بۆ زۆرێك لە دەرهێنەرەكان دەنگ لە وێنە گرنگترە. كاتێك دەمانەوێت لە فەزای دەرەوە كارى دەرهێنان بكەین، زۆرجار خەڵكی لە ستافەكە دەپرسن: بۆ كوێ دەڕۆن؟ ئەوانیش دەڵێن: تەنیا دەڕۆین دەنگ تۆماربكەین، بەڵام دەرهێنەرێكیش لەگەڵ خۆمان دەبەین نەوەك پێویستمان پێی بێت.، جاری وا هەیە هێندە جەخت لە وێنەیە دەكەینەوە وەكو ئەوەى بمانەوێت بەهەموو جیهان بڵێین بێدەنگ بن، تەنیا  وێنە گرنگیى هەیە، بەڵام گەر ئێستا لەم گفتوگۆیەى ئێمە بڕوانیت، گوێت لەو هەموو دەنگە دەبێت، ئەمە بەشێكى گرنگى واقیعە.

Related Posts

Leave a comment